داهێنان....بۆ؟ وزەی نوێکراوە......بۆچی؟ ئەگەر هەر کۆمەڵگایەك( ویستی) ئەوەی هەبێت لە بواری زانستیدا بەرەو قۆناغێکی باشتر و نوێتر بڕوات، لەگەڵ بیرکردنەوە هەنوکەییەکانیدا تەکان بدات و پەراوێز بەجێبێڵێت و تێکەڵ بە ڕایەڵی پێشکەوتنی جیهان بێت دەبێت سەنتەری داهێنان بکاتە دینەمۆی خۆی و دەستپێکەری کارەکانی.

 

داهێنان مێژوویەکە تەنها کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان دەبنە خاوەنی، تەنها ئەو کۆمەڵگایانەی دەتوانن خەرجی داهێنان بدەن و کەسانی داهێنەر و تینووی داهێنانی تیادا پەروەردە بێت، ئەو کۆمەڵگایانەی نەوەی داهێنەریان هەیە و دەبێت، ئەو کۆمەڵگایانەش دەگرێتەوە کە دوای نائارامی و شەڕو دەربەدەری و کۆڕەو و کارەساتەکان بەرەو هێمنی و خۆدۆزینەوە دەچن و دەزانن تەنها دەروازە داهێنان و زانستە کە ڕابووردوویان بۆ دوبارە نەکاتەوە.

داهێنان خۆی لە خۆیدا زاخاوی پێویستی و جوڵەیە، ئەنجامی هەوڵ و پڕکردنەوەی کەلێنی پێویستییەکانە، سووربوونە لەسەر گەیشتن بە مەرامی سەرەکی و پێ داگرتنە لەسەر تەقەللای خودی خۆت بۆ بەدیهێنانی مەبەستی خۆت و کەمتر پێویستبوون بە دونیای دەرەوەی خۆت.

بۆ وڵاتەکەی خۆمانیش داهێنان سەنگی مەحەکی بوونییەتی، بێ داهێنان وڵات هەر وڵاتێك بێت، جوگرافیایەکی زۆرەملێی ژیانە کە پێداویستییەکانی وەکو سەنگی ڕەشماڵێك بە خاکی دەوروپشتییەوە دادەکوترێت، هەر کاتێك دەوروپشت بیەوێت دەتوانێ جێ لەقی بکات و دەبێتە پارچە جوگرافیایەکی نەشیاو بۆ بەردەوامی و نەبوونی مەرجەکانی ژیانی ئاسایی.

دیارە لێرەدا من زیاتر مەبەستم لە داهێنانی زانستییە و ئەو دەرئەنجامانەی لە داهێنانی زانستیانەوە ڕۆ دەچنە نێو کەلەبەرەکانی کۆمەڵگاوە، سەرچاوەی داهێنانیش توێژینەوەیە، ئەویش لەسەر بنەمای پتەوی زانست و پێگەی زانست لە ئینستیتوتی جۆراوجۆرو لە زانکۆ و لە بەشەکانی توێژینەوە لە کارگە گەورەکانی بەرهەمە پیشەسازییەکان بە هەموو جۆرەکانییەوە دەکرێت، دەبێت ئەوەش بڵێین کە داهێنان لەسەر ئاستی بەرزی ئابووری دەکرێت، لەسەر ئاستی بەرزی ئەو ئنستیتوت و مەڵبەند و بنکە و ناوەندی توێژینەوانەی کە خاوەنی پیشەی زانستی و کاردکردنن لەو بوارانەو پێش هەمووی ئەو وڵاتانەی بودجەیەکی باش بۆ کاری توێژینەوە تەرخان دەکەن، چونکە توێژینەوە ئەو ناوەندەیە کە بە پاڵپشتی دەوڵەتەوە دەکرێت و ئەنجامی ئەو توێژینەوانەشن دەبنە مایەی داهێنان، لەم قۆناغەی ئێستای کوردستانی ئێمە کە باری ئابوری تیایدا تا ڕادەیەك لە ئاستێکی باشدایە دەتوانرێ بناغەی توێژینەوەیەکی زانستی تیادا پەیڕەو بکرێ و شارەزاو پسپۆرو لێهاتووەکانی باشتر ئامادە بکات، تەنها توێژینەوە بەرەو ئاستێکی زانستی بەرزتر دەتوانێ نەوەیەکی لێهاتووتر بەرەو داهاتوویەکی روناکتر دروست بکات.

لەو داهێنانانەی ئێستا دەکرێت، کە پاش توێژینەوەیەکی زۆر لە بواری وزەی نوێکراوەوە کرا، گۆڕینی وزەی خۆرە بۆ بەکارهێنانی پێویستییەکانی ژیان، دیارە گەیشتن بەم ئەنجامەی ئێستا ئاسان نەبوو بەڵام مەبەست بوو، ئەوروپا وەکو کیشوەرێکی بێ پیترۆل ( جگە لە نەرویج ) و بێ کانزا و لەسەر بنەمای توێژینەوەو بەدواداچوون توانیویەتی بە داهێنانی زانستیانەی خۆی هەموو بوارەکانی خۆی بە باشترین ئاست پەرەپێ بدات، ئەڵمانیا وەکو وڵاتێکی پیشەسازی پێشکەوتوو و دەوڵەمەندەو بە پشتی داهێنانەکانیەوە لە هەوڵی ئەوەدایە کە بێ منەت بێت لە نەبوونی پیترۆل و گاز و زۆربەی سوتەمەنییە پێویستییەکان بۆ ژیان و لە بواری وزەی نوێکراوەدا هەنگاوی باشی ناوە بە مەبەستی ئەوەی بتوانێ وزەی کارەبا لە وزەی نوێکراوەوە بەرهەم بێنێ و بەتایبەت پاش سونامییەکەی یابان لە بەهاری ٢٠١١ بەتەواوی بڕیاری وازهێنانی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە وزەی ئەتۆم دا، هەموو دەزانین وزەی نوێکراوە سەرچاوەکەی بریتییە لە:

١. وزەی خۆر

 ٢. وزەی ئاو

 ٣. وزەی با

 ٤. وزەی بایۆلۆژی

 خۆر وەکو تەنێك لە وزەی ماندوونەبوو، تیشکەکەی دەگاتە سەر هەموو ڕوبەرێکی ئەم گەردوونە، هەر تیشکی خۆرە کە بێ ئەو ڕۆشنەپێکهاتن ئەنجام نادرێ و ڕۆڵێکی سەرەکی لە بژێوی زیندەوەر و مان و بوونی زیندەوەر دەبینی، خۆر بە بەردەوامی( ٢٢٠،٠٠٠ ) بلیۆن کیلۆوات لە یەك کاتژمێردا وزە بێ بەرامبەر دەبەخشێت بە گۆی زەوی کە دەکاتە (٣٠٠٠) ئەوەندەی پێداویستی هەموو جیهان بۆ وزە، وڵات نییە لەم داهاتە پڕ لە سوودەی بەرنەکەوێت، لەبەر ڕۆشنایی توێژینەوەکانی ڕابوردوودا کە بۆ ئەگەری سوودوەرگرتن لەو وزەیە بۆ مرۆڤایەتی ئەنجام دراون، دەرکەوت کە تەنها زانست و داهێنانەزانستییەکان دەتوانن هاوسەنگی مرۆڤ لەسەر زەوی ڕابگرن چونکە ئەمڕۆ پێویستی وزە بڕبڕەی پشتی ژیانی مرۆڤ و پیشەسازیە، لە وڵاتێکی وەکو ئەڵمانیا کە لە ڕووی بەرکەوتنی لە تیشکی خۆر هەژارە بەڵام بۆ ئێستا نزیکەی ١٦% ی وزەی کارەبای لە تیشکی خۆر بەرهەم دێنێ و لە بەرنامەی بۆ داهاتوو و بە پێی پلان تا ناوەندی ئەم سەدەیە بتوانێ ڕێژەی زیاتر لە وزەی پێویستی وڵاتەکەی لە وزەی نوێکراوە بەرهەم بێنێ.

 

مەدیحە سۆفی/ ئەڵمانیاسەرچاوە
Harvesting energy from CO2 emissions“, H.V.M. Hamelers, C.J.N. Buisman et al.; Environmental Science& Technology Letters, DOI: 10.1021/ez4000059

:سەرچاوە
Harvesting energy from CO2 emissions“, H.V.M. Hamelers, C.J.N. Buisman et al.; Environmental Science& Technology Letters, DOI: 10.1021/ez4000059

الإعلان العالمي لحقوق الإنسان

دستور اقليم كردستان باللغة الكردية

دستور اقليم كردستان باللغة العربية